بۆ ساتێك بچینه خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا(د.خ): قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَیْهِ وَسَلَّمَ : «مَنْ سَنَّ فِی الْإِسْلَامِ سُنَّهً حَسَنَهً، فَلَهُ أَجْرُهَا وَأَجْرُ مَنْ عَمِلَ بِهَا بَعْدَهُ، مِنْ غَیْرِ أَنْ یَنْقُصَ مِنْ أُجُورِهِمْ شَیْءٌ، وَمَنْ سَنَّ فِی الْإِسْلَامِ سُنَّهً سَیِّئَهً کَانَ عَلَیْهِ وِزْرُهَا وَوِزْرُ مَنْ عَمِلَ بِهَا مِنْ بَعْدِهِ، مِنْ غَیْرِ أَنْ یَنْقُصَ مِنْ أَوْزَارِهِمْ شَیْءٌ». ( موسلیم/۱۰۱۷)
«كه‌سێك كه له ئیسلامدا شێوازێكی جوان و په‌سند بكاته بنه‌ما، ئه‌وه پاداشه‌كه‌ی هه‌م بۆ ئه‌وه و هه‌م بۆ كه‌سێكی كه له‌و كاره‌دا دوای كه‌وتووه، بێ ئه‌وه‌یكه هیچ له پاداشی ئه‌و كه‌م بكرێته‌وه؛ و كه‌سێك كه شێوازێكی خراپ بنیات بنێت، ئه‌وه تاوانه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆی ئه‌وه و هه‌روه‌ها تاوانی كه‌سێكی كه دوای كه‌وتووه، بێ ئه‌وه‌یكه له تاوانی ئه‌و كه‌م بكرێته‌وه.»
چه‌ند خاڵێكی گرینگ له‌و فه‌رمووده‌یه‌دا: پێشه‌كی ئه‌و فه‌رمووده‌یه جۆرێك له «عیبادهت و عاده‌ت» و «سوننه‌ت و داهێنان» بیر ده‌هێنیته‌وه تاكوو بڕواداران سنووری نێوانیان بناسن و ڕه‌چاوی بكه‌ن. چونكه ئایین به ناته‌واوی به‌جێ نههێشتراوه تاكوو كه‌سانێك به‌ستێنی ته‌واوكه‌ریی ئه‌و به داهێنان له بواری عیباده‌ته‌وه ته‌یار بكه‌ن، به‌ڵكوو مرۆڤ ته‌نیا له داهێنان و گۆڕانكاریی سه‌باره‌ت به باشتركردنی ژیانی ڕۆژانه‌ی، له «عاده‌تی باش و جوان»ی كه پێویستی پێیه‌تی، سه‌ربه‌سته. هه‌روه‌ها له ئاست عاده‌ت و خوو و شێوازی ناجواندا به‌رپرس ده‌بێ.
خاڵی یه‌كه‌م: سوننه‌ت له وشه‌دا به‌واتای ڕێگا و شێوازی پێوراوه و له ڕووی زاراوه‌ییه‌وه: وته‌ی پێغه‌مبه‌ر، كردار و ڕه‌فتاری پێغه‌مبه‌ر، هاوڕابوونی پێغه‌مبه‌ر له‌سه‌ر كارێك، پێناسه و ژیانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، سوننه‌ت هه‌ژمار ده‌كرێ. هێندێ جار واتای سوننه‌ت به‌رامبه‌ر به «داهێنان» دێت.
خاڵی دووهه‌م: خاوهنڕایان ده‌ڵێن: داهێنان ڕێگا و شێوازێكی داهێنراو له ئایینه كه وێنه‌ی شێوازی شه‌رعییه و ئامانجی زێده‌ڕۆیی له په‌رستشی خوای گه‌وره‌یه. به‌و پێیه ئه‌وه‌ی كه له فه‌رمووده‌دا ڕێگری له داهێنان كراوه، بواری ئایینییه كه كه‌سی داهێنه‌ر به‌پێی داهێنهكهی، ده‌یهه‌وێ پته‌وتر وه‌دوای خوادا بگه‌ڕێ كه وه‌ها بڕوایه‌ك، ناته‌واوی دین ده‌گێنیت، هه‌ربۆیه پێغه‌مبه‌ر(د.خ) لێی قه‌ده‌غه كردووین: “عَنْ عَائِشَهَ ، قَالَتْ : قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَیْهِ وَسَلَّمَ : «مَنْ أَحْدَثَ فِی أَمْرِنَا هَذَا مَا لَیْسَ مِنْهُ فَهُوَ رَدٌّ ». (موسلیم/۱۷۱۸) واته: هه‌ركه‌س شتێك له دینی ئێمه‌دا به‌دی بێنیت كه له دیندا نییه، ئه‌وه قه‌بووڵ نییه.
خاڵی سێهه‌م: له ده‌قی هه‌ردوو فه‌رمووده‌كه‌ی موسلیمدا، به‌وه ده‌گه‌ین كه «بیدعه»، داهێنان له دین و په‌رستش دایه، نه‌ك له خوو و خدهدا، چونكه خوو پێوه‌ندیی مرۆڤه‌كان ڕێك ده‌خا و به‌پێی دۆخی كات و كولتووری نه‌ته‌وه‌كان جیاوازه. ڕاسپارده‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بۆ بنیاتنانی «سوننه‌تی جوان» له فه‌رمووده‌كه‌دا، سه‌باره‌ت به كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه وه‌ك: دامه‌زراندنی بنكه خێرخوازییه‌كان بۆ یارمه‌تیدانی هه‌ژاران و نه‌داران، دامه‌زراندنی بنكه‌كانی وازهێنان له مادده هۆشبه‌ره‌كان، بنكه‌كانی ئاگاداری و په‌روه‌رده‌ی مناڵانی بێ سه‌رپه‌رشت و...
خاڵی چواره‌م: په‌یامی فه‌رمووده‌كه بۆ كۆمه‌ڵی بڕواداران، ئه‌وه‌یه كه ئه‌رك و بهرپرسیارهتییهكانیان بیر ده‌خاته‌وه كه دوو په‌یامی سه‌ره‌كی له‌خۆی ده‌گرێ:
په‌یامی یه‌كه‌م: هاندانی بڕواداران بۆ پێكهێنان و دامه‌زراندنی شێوازی جوان و په‌سندی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ خزمه‌ت به كۆمه‌ڵگای مرۆیی، كه جیا له پاداشی ئه‌و، ئاسه‌واره جوانه‌كه‌ی هه‌رمانه و تا ڕۆژی دوایی به‌رده‌وام پاداشی بۆ ده‌چێت.
په‌یامی دووهه‌م: بڕواداران ئاگادار ده‌كاته‌وه كه خۆیان له خوو و خده‌ی ناڕه‌وای كۆمه‌ڵایه‌تی بپارێزن. چونكه دامه‌زراندنی پێگه‌یه‌كی ناڕه‌وا، جیا له زه‌ره‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی كه خۆی كێشهخوڵقێنه، ئاسه‌وار و شه‌ڕه‌كه‌ی تا ڕۆژی دوایی یه‌خه‌ی دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی ده‌گرێت.
خاڵی پێنجه‌م: هێندێ خاوه‌نڕا «سوننه‌تی باش»یان له فه‌رمووده‌كه‌دا به «زیندووكردنه‌وه‌ی سوننه‌ت» ڕاڤه كردووه كه پێ ده‌چێ ڕاڤه و بۆچوونێكی ڕاست نه‌بێ؛ چونكه ئه‌گه‌ر قه‌بووڵ كه‌ین كه سوننه‌تی باش، زیندووكردنه‌وه‌ی سوننه‌ته، كه‌واته ئه‌و «سوننه‌تی خراپه»ی كه له فه‌رمووده‌كه‌دا هاتووه، به واتای چیه؟ كه‌واته واباشتره داهێنانی «سوونه‌تی باش»و «سوننه‌تی خراپ»ی ئاماژه پێكراوه له فه‌رمووده‌كه‌دا به داهێنانی خوو و عاده‌تی «باش و خراپ»ی كۆمه‌ڵایه‌تی واتا بكرێته‌وه كه مرۆڤ به‌رامبه‌ر هه‌ردووكیان به‌رپرسیاره‌تی دونیایی (كۆمه‌ڵایه‌تی) و دواڕۆژی هه‌یه.
بۆچوونه‌کان